|
خه‌ونباز
|
||
|
به‌یادی نه‌نووسراوه‌کانم خه‌ون ده‌بینم |
ڕه‌فێقێکی تازه‌م گرتووه. ئاشناییم وه‌ک ئاشنایه‌تی مه‌ستێکی ئاشقهمهی به شه‌رابێکی کۆن که له ژێرخانی ماڵه‌که‌یدا ساڵه‌ها مه‌حته‌لی ئه‌وه‌یه بگاتێ. دایمه بیبینی و نه‌ینۆشی و به‌ته‌مای تامێکی تایبه‌ت چاوه‌ڕوان بمینێ؛ ڕه‌نگه هه‌تا مه‌رگ.
ئه‌م ڕه‌فێقه‌م، ئازیزێکه که ساڵه‌ها له‌به‌ر چاوم بووه و هه‌ڕ وێڵی بووم. زۆر وه‌خت له‌وه‌پێش ـ که مه‌کۆی نووسینمان ماڵی یه‌کتر بوو و هه‌روه‌ها هه‌ر شوێنێک که ده‌ستی دابات بۆ خوێندنه‌وه ـ مژێکی تایبه‌تی، نووسینمانی داگرتبوو. له ژێر سێبه‌ری مۆدێڕن، نووسین به یه‌ک شێوه‌ی تایبه‌ت، مه‌یلی پێنووسی ڕاده‌تڵه‌کاندین. هه‌ر چۆنێک بێ و بووبێ هه‌ر نووسیمان؛ جا به که‌م یان به زۆر به‌ڵام ئه‌م ڕه‌فێقه‌م نووسینی وه‌ک ئێمه که‌متر ده‌زانێ.
ئه‌م ڕه‌فێقه‌م، چه‌شنێک نووسینی له‌بیرچۆوه‌می وه‌بیر هێنامه‌وه. نووسینێک که پشته‌که‌ی خوێندنه‌وه‌ی زۆره و زانستێکی هه‌مه‌لایه‌نه به کۆمه‌ڵ و سیاسه‌ت و ئابووری و هوونه‌ر و پزشکی و ده‌روونناسی و هتد. نووسینێکی ساکار به زمانێکی تایبه‌ت به خولیای هه‌تاهه‌تایی چیرۆک و ڕۆمان. نووسینی وتار به شێوه‌ی چیرۆک و له‌ژێر ئاسمانی که‌سایه‌تی جۆراوجۆر. وڵاتانی دنیا له گه‌ڵ ئه‌و ڕه‌فێقه‌م له ماوه‌ی دوو شه‌ودا گه‌ڕام. له گه‌ڵی گریام، پێکه‌نیم، فێربووم، مردم و ژیامه‌وه. بووم به که‌سی که‌سانێکی نه‌ناس. بوون به که‌سم که‌سانێکی نه‌ناس. خزمایه‌تیم تازه کرده‌وه له گه‌ڵ زۆر خزمی له‌بیرچۆوه‌م. خزامه نێو ڕه‌هه‌ندی کفر و ئیمان و سوسیالیزم و فانتازی و سیحری نووسین و خه‌ونی ژنانی سه‌دساڵ بێده‌نگی. له گه‌ڵ ئانتۆنی کوئین و حه‌مه‌ڕه‌زاشا و گراهام گڕین و مه‌ستێکی ئیسپانیایی و قه‌حبه‌یه‌کی کارائیب و باڵته‌درێژێکی ئیتالیایی و تامی کۆکاکۆلا و کریسمه‌سی یه‌کشه‌مۆیه‌کی مه‌ست و چیرۆکی ماریای چاره‌ڕه‌ش و ڕووحه‌کانی جاده و چیرۆکی چیرۆک هه‌ناسه‌م کرده دووکه‌ڵ و دووکه‌ڵم کرده یاد و ئێره‌یی.
ئه‌م و ڕه‌فێقه‌م چه‌شنێک نووسینی وه‌بیر هێنامه‌وه که بۆ خۆی مێژوویه‌که. مێژوویه‌ک که له نێوان خه‌ون و ڕاستی دا ده‌ژی و ده‌مێنێ و ناگۆڕدرێ. زۆرجار که لێم ون ده‌بوو چاوم له وێنه جۆراوجۆره‌کانی که له‌به‌رده‌ستم بوون ده‌کرد؛ بزانم کامه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌م وتارانه زۆرتر ژیاوه. خه‌می ڕۆمای له هه‌موو کاتێکدا پادشای ئه‌م نووسینانه‌یه. بڵێی تا که‌ی له لام بێ؟
دیسان ئه‌و ڕۆیوه. ونبووه هه‌میسان. به‌ڵام کتێبێکی بۆ به جێهێشتووم. پێنج ساڵ نووسینی جار به جاری. یادداشتی پێنج ساڵی له لا به جێ هێشتووم گابریێل! من له ژێر ئه‌و دێڕه‌وه ئادره‌سێکتان بۆ به جێ دێڵم که ئه‌و یادداشتانه‌ی لێ داده‌نێم. هیوادارم ئه‌و یادداشتانه، بهشهشهرابی مه‌ستییه‌کی ناوه‌ختی ئێوه‌ش بێ.
· یادداشتهای پنج ساله، گارسیا مارکز، بهمن فرزانه، نشر ثالث، 1389 ،
|
|