ده‌مه‌وێ ته‌کانێک له خۆمان ده‌ین. ئه‌مجاره‌یان کردوومه‌ته نۆبه‌ی خۆم و کۆپله‌یه‌ک له چیرۆکێکم داناوه و پێم خۆشه ئه‌گه‌ر بکرێ دۆستانی که درێژه‌ی چیرۆکه‌که به توانا و زه‌وقی خۆیان بنووسن و به‌جیمه‌یلی "خه‌ونباز-xewnbazimast@gmail.com "یان "ڕوانه- rwana1@gmail.com" بینێرن. ده‌کرێ له به‌شی "ڕا"ش دا داینێن. نامهه‌وێ شه‌ونخوونی له سه‌ر بکێشرێ و حه‌تمه‌ن چیرۆکی ده دوازده لاپه‌ڕه‌یی بێ. ڕه‌نگبێ که‌سێک به دێڕێک له هه‌ر کوێیه‌کی ئه‌م کۆپله‌یه ته‌واوی کات یان یه‌کی که به چه‌ند لاپه‌ڕه. هه‌ر که‌س مۆختاره چۆنی بنووسێ و به ئه‌نجامی بگه‌یه‌نێ. ده‌کرێ ئه‌و به‌شه‌ی من دامناوه سه‌ره‌تا، نێوه‌ڕاست یان کۆتایی چیرۆکه‌که بێت. به‌ڵام چیرۆکه‌که ده‌بێ پێوه‌ندی به‌و کۆپله‌یه‌وه وا داندراوه، هه‌بێ و ببێته چیرۆکێکی ته‌واو. نامانه‌وێ نووسراوه‌کان به ش به‌ش له په‌نا یه‌که‌وه دانێین تاپێکه‌وه تاکه چیرۆکێک ته‌واو که‌ین، به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێ چه‌ن چیرۆکمان هه‌بێ. چیرۆکی هه‌ر که‌سێک به نێوی خۆی یان ناسناوی هه‌ڵبژارده‌ی خۆی له "خه‌ونباز" دا داده‌ندرێ و هه‌ر سایت یان وێبلاگێکیش ئازاده هه‌ر کامیانی پێ به‌نرخ بوو، که‌ڵکی لێ وه‌رگرێ.
داوا ده‌که‌م له سایت و گۆڤار و وێبه ئه‌ده‌بیه‌کان بۆ ده‌ست پێکردنی بێ بڕانه‌وه‌ی ئه‌م کایه به‌نرخه ، پشتگری ئه‌م کاره بکه‌ن و کرا هه‌ر جارێ یه‌کیان کۆپله‌یه‌ک له چیرۆکێکی ڕه‌شنووس یان بڵاونه‌کراوه دانێن. ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر سایت یان وێبی خۆیان کایه‌که‌یان درێژه‌دا، ئاگادارییه‌کیش بۆ ئێمه دانێن با پڕوپاگه‌نده‌که‌مان گشتی و چوارپارچه‌یی بێ. به‌ته‌مام و هیوادارم چیرۆک نووسانی کۆن و تازه‌ی زۆر بێنه کایه‌وه.
"کۆپله‌ی بێ شوێنی چیرۆکێکی بێ نێو !"
{ من و هه‌ر تک خوشک و چواربراکه‌م به نیوه‌شه‌وێکی به‌هار باوکممان دی که چووه نێو چاوی مانگی حه‌وزه کاشییه‌که‌ی حه‌وشه‌مانه‌وه و ته‌نیا تۆقله‌یه‌ک که‌وته سه‌ر ئاو.
دایکم زۆر جار نا، هه‌میشه ده‌بۆڵێنێ و شات و شووتیه‌تی که باوکم و ئێمه به جێ دێڵێ. ئه‌و شه‌وانه‌ی باوکم له ماله و ناچێ بۆ دۆمینه و ته‌خته،هیچ ناڵێ و هێمنانه ده ستی ده‌خاته ژێر ڕوومه‌تی و باڵنجه‌که‌ی بن ده‌ستی ڕاست ده‌کاته‌وه و ئه‌گه‌ر مانگ به دیاره‌وه بێ چاو ده‌برێته چاوی مانگ.
باوکم دایکمی له‌سه‌ر مانگ ماره کردووه؛ مانگی شه‌وی بیست و حه‌وت.
ئێمه هیچمان نازانین باوکمان کار و که‌سبی چییه. که ڵێشی ده‌پرسین، ده‌ڵێ: "خودا ڕازقه!"
باوکم زۆر شه‌و که ده‌چێت بۆ قاوه‌خانه بۆ خه‌و نایه‌ته‌وه و هه‌ر بۆیه پرته و بۆڵه‌ی دایکم نابڕێته‌وه. دایکم ده‌ڵێ:" باوکتان ژنێکی که‌ی هێناوه. ده‌یه‌وی دیق به من بکات و زه‌مینه‌کانی "سه‌وڵه‌تاوا" بفرۆشێ و بیدا به عیشوه‌ی ئه‌و ژنه‌تیوه." دایکمان کچه عه‌شیره‌ته به‌ڵام یان نازانێ یان نایهه‌وی بزانێ که مووچه و مه‌زرایان هه‌ر نه‌ماوه و باپیره‌م ته‌واوی دا به ژن و ئاره‌ق. بابائاغام ئاره‌ق خۆری چاک بووه؛ ده‌ڵێن سێ وێدکای ڕووسی له سه‌ر یه‌ک هه‌ڵقووڕاندووه و برۆی تێک نه‌ناوه. باوکی من ئاره‌ق ناخوات به‌ڵام نازانم ژنی دیکه‌ی هه‌یه یان نا؟
من و هه‌ر تک خوشک و چوار براکه‌م ده‌زانین که دایک و بابمان قه‌ت به ڕۆژ به شه‌ڕ نایه‌ن و دایمه شه‌وانه شه‌ڕیانه. هیچمان نازانین بۆ؟ ئێمه قه‌ت بابمان نابینین که به ڕۆژ بێته‌وه ماڵێ. کاتێک ده‌خه‌وێ خوشکێکم ده‌ڵێ قه‌ت هه‌ناسه ناکێشێ. په‌تووه‌که ده‌دا به سه‌ر خۆی دا و قه‌تیش ئه‌مبارئه‌وبار ناکات. دایکم زۆرجار به ترس و خه‌مه‌وه ڕایده‌وه‌شێنێ و هه‌را ده‌کا: "پیاوه‌که، پیاوه‌که!" باوکم وست چاوێکی هه‌ڵدێنێ و دایکم به بۆڵه‌وه ده‌ڵێ: "ده‌رد! وه‌مزانی شوکر ڕزگار بووم له چنگت!" پاشان چاوه پڕ له ئاوه‌کانی به دزییه‌وه ده‌سڕێ و ده‌ست ده‌کاته‌وه به بۆڵه‌بۆڵ. }
ئه‌و لیسته‌ی ژێره‌وه باشترین هه‌ڵبژارده‌کانی ده ساڵی ڕابردووی چیرۆک و ڕۆمانی فارسین له لایه‌ن نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گری چاپه‌مه‌نییه‌کانی ئێران.
چه‌ن ڕۆژ له‌وه پێش تا "کیش" چووم. له ته‌ورێزه‌وه وه‌ڕێ که‌وتم و ماوه‌ی دووساعه‌ت و ده خول له ئاسمان بووم. هه‌تا به‌رزایی"3100پا" وه‌حه‌وا که‌وتین. ته‌یاره‌یه‌کی نه‌هێنده نوێ و تۆ بڵێ بێ ئیمکاناتیش. یه‌ک دوو میوانداری ته‌یاره‌که خارجی بوون و ته‌واوی میوانداریان ئه‌وه‌بوو به‌سته‌یه‌کت ده‌نێ پر له ساڵاد ئۆلوییه و کاڵباسێک ،.... به‌لای منه‌وه شاگرد شۆفیری خۆمان و ئه‌و میواندارانه جیاوازییه‌کی وایان نه‌بوو به‌و هه‌موو کلاسه‌یانه‌وه!
"ئه‌حمه‌د زبیل" که‌سایه‌تییه‌کی تایبه‌تی بۆکان بووه. که‌سایه‌تییه‌کی پیس و بۆگه‌ن! کوڕی "مینه مه‌بال"یان پێ کوتووه و له قسان زڕدایکێکی ناجسنیشی هه‌بووه. ڕقی له ئاو بووه و قه‌تی حه‌مام نه‌کردووه. جل و لیباسی زۆر پیس بووه. چاڵی مه‌بالێ ماڵانی خاوێن کردۆته‌وه. بیستوومه که ته‌نانه‌ت پاش ئه‌م کاره‌ش ده‌ست و په‌لی ئاوی لێ نه‌که‌وتووه. به کوتنی"زبیل" ڕقی هه‌ستاوه و وه‌شوێن ئه‌و که‌سه که‌وتووه که واهه‌رای لێ کردووه. شاگردی حاجی قادری نه‌زه‌ری بووه و پاشان لای عه‌لی حه‌ڵه‌بی گیرساوه‌ته‌وه و که‌پسوولی گازی بۆ ماڵان بردۆته‌وه. هاوکات لای عومه‌ری سوڵتانی (وه‌فا) کاری کردووه و پاش ڕۆیشتنی ئه‌و بۆ تاران، ئه‌وه‌نده‌ی بیستبێتم و دیبێتم له به‌رامبه‌ر حه‌مامی کون وله به‌ر ده‌م قاوه‌خانه‌ی مام ڕه‌حمان به داشقه‌که‌یه‌وه ڕاده‌وه‌ستا تا کاری پێ بسپێردرێ. من ئه‌حمه‌د زبیلم به حه‌مباڵی دیوه که داشقه‌یه‌کی له‌و دارانه پێ بووه وا به دوو تگه‌ر ده‌ڕۆن.
تکایه هه‌ر که‌س ئاگادارییه‌کی سه‌باره‌ت به‌و که‌سایه‌تییه هه‌یه له "ڕا" دابۆم بنووسێ.
حه‌کایه‌تی شه‌ڕی نه‌کراو / سه‌ید قادر هیدایه‌تی
تا ئه‌و کاته‌ی برینێک خوێنی لێ ده‌تکێ، شه‌ڕ هه‌ر به‌رده‌وامه!
"هانریش بۆل"
حه‌کایه‌تی شه‌ڕی نه‌کراو، شه‌ڕی نێوان "ئه‌م و سه‌ربازه‌کانیه‌تی " له گه‌ڵ "ئه‌ویش و سه‌ربازه‌کانی ئه‌ویش". مه‌علووم نییه کامه‌یان نه‌خشه‌ی هێرشی شه‌ڕ ده‌کێشێ و کامه‌یان له بیری پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی نه‌خشه‌که‌دایه. کامه‌یان له کێو هه‌ڵده‌گه‌ڕێ و کامه‌یان له بۆسه‌دایه. شه‌ڕێکی زه‌ینی که بیره‌وه‌ریه‌کانی نزیک له واقیعی له چیرۆکی شه‌ڕێک که ڕووی داوه‌ی نیزیک ده‌کاته‌وه. ڕه‌وایه‌تی چیرۆکه‌که زۆرتر ته‌سویرییه و ئه‌مه خاڵێکی به‌هێزه بۆ وه‌ها چیرۆکێک که توانیویه به‌شی داستانی چیرۆکه‌که زاڵ کات به‌سه‌ر ڕه‌وایه‌تێکی پڕ له بیره‌وه‌ری نه‌قه‌وما به‌ڵام دیتراودا. چیرۆکی شه‌ڕی نه‌کراو له هیچ شوێنێک ناقه‌ومێ؛ مه‌یدانی شه‌ڕی نییه به‌ڵام هه‌موو وشه‌کان ئاوێته‌ی شه‌ڕن. شه‌ڕی نێو ئه‌م چیرۆکه شه‌ڕێکه تایبه‌ت به هه‌موو دنیا که ڕه‌نگبێ وه‌ک زۆر فیعل و ناوی چیرۆکه‌که که نیشانه‌یه‌کن له داهاتووه، له ئاینده دا بقه‌ومێ یان وه‌بیر بهێندرێته‌وه. ئه‌م چیرۆکه وێڕای باسی شه‌ڕ گاڵته‌یه به شه‌ڕ. دژ به شه‌ڕه. شه‌ڕی نێو ئه‌و چیرۆکه له بۆسه‌ی قه‌وماندایه. چیرۆکه‌که ته‌مه‌نای ژیانی تێ‌دا که‌مه و بۆنی مه‌رگ دایگرتووه. ئه‌م چیرۆکه له سه‌ر خه‌تێکی سه‌رڕاست نه‌نووسراوه و به‌شبه‌ش بوونی شتێکی جه‌برییه. به بڕوای من نووسه‌ر تێکه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی جوراوجۆر نووسیویه‌تی که له زۆر جێ دا بۆته دووباره نوسینه‌وه. دووباره‌نووسینه‌وه‌یه‌کی ته‌کنیکی که دووره له لاسایی کردنه‌وه.
له نێوان ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌نووسێ و ده‌ورووبه‌ریه‌کانی، دایمه ده‌بێ دوورییه‌ک هه‌بێ. له نووسیندا بیر له بێده‌نگییه‌ک ده‌که‌یه‌وه که له ده‌ورووبه‌رته. ته‌نیایی و بێده‌نگی خۆ ده‌که‌ن به نێو نووسراوه‌کانتدا. جاری وایه ته‌نیا ده‌بێ بنووسی و هیچی که. به نووسین ده‌که‌ویه که‌یفسازی؛ سه‌رخۆش ده‌بم. وشه قه‌ت لێم دوور نه‌که‌وتۆته‌وه. ئه‌و ته‌نیایی و بێده‌نگییه‌ی که باسی لێ ده‌که‌م، نابیندرێ؛ نابیندرێته‌وه. درووستی ده‌که‌ین؛ درووست ده‌بێ. ئه‌و کاته‌ی که به‌و قه‌ناعه‌ته گه‌یشتی که ده‌بێ بنووسی، به ته‌نیا ده‌بی و ته‌نیایی و دووره‌په‌رێزی له نیگا و له ئاکارت دا ده‌خولقێ.
تۆی نووسه‌ر زیندانی وشه‌ی. زیندانی تاریکستانێک که چرای به جگه له نووسین به که‌س هه‌ڵنابێت. زۆری خایاندووه تا توانیومه ئاوا سه‌ربه‌ست، سه‌باره‌ت به نووسین بنووسم. گۆشه‌گیربوون دایمه له گه‌ڵ منه. ئه‌وه‌تا، له په‌نامه‌وه: سیمی ته‌له‌یفوونه‌که ده‌ردێنم، ده‌نگی خۆشم ده‌گرمه‌وه! دڵ له هه‌موو شتێ ده‌ستێنم. بی دڵ و ئاواتم کاتی نووسین. تێناگه‌م مرۆ بۆ ده‌نووسێ یان چۆن ده‌توانێ نه‌نووسێ. زۆر جار نابێ بزانی چی ده‌نووسی و ده‌بێ بنووسی. ده‌خرێیه زیندانێکه‌وه که رووناکی تێ‌دا ونه هه‌تا یه‌که‌م وشه دێت. کاتێکی دیاری کراو که ده‌بێ بخولقێ. درووست بێ. نووسین فێری شکت ده‌کا و هه‌ر نووسینیشه که تاوتاو ده‌یڕوخێنێ. شک له‌و شتانه‌ی که له ده‌ورووبه‌رتن؛ ژن، منداڵ، کار،گه‌ڕا ن و ... ده‌بێ له‌وانه دوور بی. شک ده‌که‌ی که بوونیان پێویست بێ. ئه‌و شکه زۆر جار تا دوایین هه‌ناسه‌کان به‌رت نادات. دکه‌وییه داوی بیرێکه‌وه که پێت ده‌ڵی ته‌نیا نووسین وهیچی تر. ته‌نیایی و دووره‌په‌رێزییه که شک درووست ده‌کا. شکیش ده‌ست ده‌کات به نووسین. هه‌موو له‌گه‌ڵ نووسینی نووسه‌ر ده‌نووسن. شت ومه‌کی ماڵێش له گه‌ڵ نووسینت، ده‌نووسن. کاتی نووسین زۆریه‌ک له که‌سه‌کانی ده‌ورووبه‌رم ناناسمه‌وه. پێم خۆش نییه بیان بینم. عه‌زابه دیتنیان وه‌ختی نووسین. پێیان وایه نه‌خۆشم. نازانن ده‌بێ دوور بن، تابنووسم و چاک بمه‌وه. هه‌ر ئه‌و چه‌شنه ئاکارانه‌یه که به‌ره‌و شێتیت ده‌بات. نووسه‌ر وه‌حشییه‌کی نه‌ناسراوه به کۆنی ده‌سپێکی نووسین. نووسین هه‌ر وشه نییه، نه‌عره‌ته‌ی گیانله‌به‌ره‌کانی دنیای وه‌حشی و شه‌ویشه. نه‌ڕاندنی هه‌مووانه و قرووسکه قرووسکی سه‌گه‌کانیشه.. ده‌بێ ساغ بی بۆ نووسین. ده‌بێ به‌قه‌وه‌ت تربی له نووسراوه‌ت. نووسه‌ر بوونه‌وه‌رێکی سه‌یره. دژ و بێ مانا. نووسین قسه نه‌کردنه. بێده‌نگ بوونه. هاوارێکی بێ هاواره. نووسه‌ر زۆرتر گوێ ده‌داتێ، که‌متر قسه ده‌کا. ناکرێ سه‌باره‌ت به نووسراوه‌ت بدوێی. نووسین سینه‌ما نییه. نووسین په‌ره ده‌ستێنێ، گه‌وره ده‌بێ. کتیبێکی کراوه نووقم بوونه له شه‌ودا. زۆرجارهه‌ر ئه‌و نووسراوه‌یه که له نووسینی دا نوقم ببووی، نامۆیه بۆت. غه‌ریبه ئه‌ویش و تۆش. نووسین درگایه‌که به‌ره‌و ڕزگاری. نووسین چه‌شنێک خۆکوشتنیشی تێ‌دا شاراوه‌یه که قه‌ت نابیندرێ به‌لام ئه‌گه‌ر گوێ ڕاگرین ده‌توانیین گوێمان له هاواره‌کانی ببێ. زۆرجار خوێندنه‌وه بۆخوی نووسینه. خوێندنه‌وه نجاتی داوم له مه‌رگێک که نه‌نووسین ده‌یسه‌پاند به‌سه‌رم دا. نووسه‌ر به ته‌نیایه هه‌میشه ته‌نانه‌ت له نێو ته‌اوی خه‌ڵک دا. له شار، له دی، له هه‌ر کوێیه‌ک که نێوی بێنین، نووسه‌ر به ته‌نیایه. هێشتا نازانم نووسراوه چییه؟ به‌ڵام نووسین پێم ڕاده‌گه‌یه‌نێ که هێشتا نه‌مردووم.
هه‌ڵبژارده‌یه‌کی کورت له "هه‌ر نووسین و هیچی تر/ دۆراس"
یه‌که‌م هه‌نگاوی ده‌ست پێکردنی ئه‌م ده‌سته وێبلاگانه(تاریک و ڕوون، خه‌ڵوه‌تخانه ، ...) بیستنی ده‌نگه‌کانی دوور له ته‌نیایی خۆمان بوو. من به توند و تیژی هه‌رچه‌ند کورت، له وه‌ڵامی نه‌عره‌ته‌یه‌کدا سه‌باره‌ت به‌ڕه‌خنه‌یه‌ک له‌سه‌ر چیرۆکێکی نێو ڕوانه {پیاوی ڕیش خه‌نه‌یی} - که وه‌ک ده‌نگێکی تاک ئه‌و چه‌شنه ڕه‌خنه‌یه‌م له لا به‌رز نه‌بووه؛ هه‌و وه‌ک ئه‌و گه‌وره‌یه‌م که ڕه‌خنه‌ی سوله‌یمانی لا به نرخ نه‌بووه- هاتمه جواب. له‌وه‌ڵامم دا که چاوه‌ڕوانی دیتنی ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ڕه‌خنه‌گرم بوو، تاوانبار کراوم به باند و باندبازی ده‌سته‌و دایره‌ی ڕوانه؛ چونکێ گۆیا وه‌ڵامی دووباره‌ی کاکه‌یان بڵاو نه‌کردۆته‌وه. هه‌ر چه‌ند من نازانم به‌ڕێوه‌به‌ری ئازیزی ڕوانه ئه‌و باسه‌ی من که له‌سه‌ر وێبلاگه‌که‌ی تایبه‌ت به‌خۆم بڵاو ببۆوه‌ی بۆ هه‌ڵگرتووه و له به‌شی تێبینی پیاوی ڕیش خه‌نه‌یی دا دایناوه؛ که ئه‌گه‌ر به من بێ ده‌بێ لایبا چونکێ سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه‌ی ئه‌و چیرۆکه هیچ نه‌گوتراوه. به‌ڵام ئێستا به دڵێکی ئاواڵه‌وه تکا ده‌که‌م له‌و براده‌ری ڕه‌خنه‌گرمان، له به شی ڕای ئه‌م بابه‌ته‌دا، چی پێخۆشه داینێ با پێی وا نه‌بێ غه‌دری لێ کراوه و باسه‌که‌ی بکه‌وێته به‌رچاوی هه‌رکه‌س پێی خۆشه.
وه‌ک وته‌ی ئاخر: دۆستی لاوم! ئه‌رخه‌یان به ئێمه دوژمنایه‌تی و شه‌ڕه جنێوێکمان نییه، وه‌ک جه‌نابت فه‌رمووته! چونکێ به شه‌وگاری کۆن، شه‌ری زۆر گه‌وره‌تری بێ ماڵئاواییمان سه‌باره‌ت به ئه‌ده‌بیات له ته‌ک دۆستانێکی زۆر نیزیکمان دا بووه که بۆ فراوینی سبحه‌ینێ له ماڵیان میوان بووین. بێگومان له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌م ئه‌م باسانه چی له خۆشه‌ویستی من و تۆ و هی وه‌ک ئێمه به ئه‌ده‌بیات، که‌م ناکاته‌وه. ڕێزیشم هه‌یه بۆ ده‌نگی تایبه‌تت که هیوادارم له داهاتوودا دا زۆرتری ببیستم.
پیرۆزبێ ناوت!
خۆشه‌ویستی من بۆ "شاملوو" جیاوازه. به‌قه‌د هه‌موو ته‌نیاییه‌کانم بیری ده‌که‌م. به قه‌د هه‌موو دۆسته‌کانم له گه‌ڵی ژیاوم. که چاو له کتێبه‌کانی ده‌که‌م ، فێنکی و هێمنییه‌ک له گیانم ده‌گه‌ڕێ. ئه‌و کتێبانه چه‌ن پڕن له نه‌کوتراوه‌کان و نه‌نووسراوه‌کانی من. ده‌بێ له کوێ بێ ئه‌و "دێوه جوانه"!؟ بۆ جاری چوار یان پێنج، ده‌ستم کردۆته‌وه به خوێندنه‌وه‌ی " حه‌وتوویه‌ک له گه‌ڵ شاملوو "ی مێهدی ئه‌خه‌وانی له‌نگروودی. خۆزگه من ئه‌و کتێبه‌م نووسیبا و ئه‌و حه‌وتووه من له جیات له‌نگروودی له گه‌ڵی بایه‌م. چه‌ند بێ ده‌سه‌ڵاتم!
"ئه‌های ئه‌سفه‌ندیاری خه‌مین!
بۆ تۆ باشتر هه‌ر ئه‌وه‌ی
چاو لێک بنێی...."
له دووکتۆر هێڕئا" که له کووبا دوکتۆری همینگوێی بووه، ده‌گیڕنه‌وه که کوتوویه هێمینگوێی له ئاخر ساڵی ژیانیدا زۆری باسی خۆکووشتن ده‌کرد. ده‌گێڕێته‌وه که زۆر جار ده‌یکوت ده‌مه‌وێ ئابه‌م چه‌شنه بمرم: به لاقی پێخاوسی له سه‌ر کورسییه‌ک داده‌نیشت و قونداغی تفه‌نگێکی ڕاوی "مان لێچر256" ی ده‌نا سه‌ر عه‌رزی دیوه‌که و ده‌نووشتاوه بۆ پێشی و لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ی ده‌خسته بن مه‌ڵاشوی و به قامکه گه‌وره‌ی ده‌یته‌قاند و ئێمه گوێمان له ته‌قه ویشکه‌که‌ی تفه‌نگه‌که ده‌بوو. پاشان سه‌ری هه‌ڵدێنا و به بزه‌یه‌که‌وه ده‌یکوت: "ئه‌وه پیی ده‌لێن هاڕاگیری به چه‌ک!. مه‌ڵاشوو، عه‌زه‌مه‌ته بۆ له سه‌ری ته‌قاندن."
هه‌موو ده‌بێ و ڕه‌نگبێ و ده‌شێ کان
له‌به‌ر تاو خۆیان هه‌لخستبوو؛
سه‌باه‌ره‌ت به‌و کارانه که ده‌بێ بیکه‌ن و ره‌نگبێ بیکه‌ن و ده‌یانهه‌وێ بیکه‌ن، خه‌ریک بوون مژوولیایشیان ده‌کرد
به‌ڵام،
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی دووپشکێکی چکۆلانه وه‌دیار که‌وت
هه‌موو ده‌بێکان و ڕنگبێکان و ده‌شێکان
کلکیان خسته سه‌رپشتیان و حه‌وت کون‌یان قه‌رز کرد!
ش. سیلوێرستاین
له روانه دا له سه‌ر چیرۆکی کایه ی سوله‌یمان عه‌بدولره‌حیم زاده، یادداشتی کایه‌ی نووسین ی بریا کاکه سووریم خوێنده‌وه و پاشان وه‌ک وه‌ڵامێکی شپرزه و تووڕه، هه‌ر که‌س کایه‌ی خۆی ده‌کا نووسه‌ری کایه‌شم خوێنده‌وه. دوو هاوڕێ که من وه‌ک قوتابی ریزم هه‌یه بۆ هه‌ردووکیان. دوو هاودڵ که زۆر خه‌ونم تێکه‌ڵیانه. خه‌مه‌کان و ترس و شادییه‌کانی هه‌ر دووکیان سه‌باره‌ت به دوونیای نووسین بۆ من ئاشنایه. پاش خوێندنه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانیان پیم خوش بوو ئه‌و چه‌ن دێڕه کورته، له دڵمدا نه‌مینێ!
۱-
خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه چیرۆکی پادشای ته‌نیایی/ عه‌زیز مه‌حموودپوور
عه‌تری تیرۆز و بیانوویه‌كی نامۆ/عه‌لی غوڵامعه‌لی
۲-
زمان وگێڕانه‌وه له" پادشای ته‌نیایی" دا / بریا کاکه سووری
ئێوارێیه‌ك وه‌ك خه‌ونی مه‌یموون/ عه‌لی غوڵامعه‌لی
نایکێشی جاری وایه. ده‌که‌ویه سه‌رگازی پشت. چۆڵی چۆڵه ده‌روونت. بزرن له دڵت، دۆستانت. ئه‌وانیش وه‌ک تۆ ونن له ئه‌مرۆدا. ناگه‌ی به‌وه‌ی ده‌ته‌وێ. ناتوانی بنووسی له ترسی زۆرشت. که‌وتوویه‌تیه گێژاوی ژیانه‌وه. ده‌سته‌وه‌ستانی. خوێڕی کراوی. پڵتۆکت لێده‌ن ده‌قه‌ڵه‌شی. چۆن ده‌رباز بن ئه‌و هه‌موو وشه‌ی تایبه‌ت به‌و سه‌رده‌مه بۆگه‌نه‌ن؟سه‌رت به هه‌رتک ده‌ست ده‌گری و وه‌ک سێبه‌رێک ده‌چیه‌وه نێو خۆت. پێنووسه‌که ده‌نێی به ته‌وێڵته‌وه و له بن لێوه‌وه ده‌ڵێی:
ئه‌ئێره !
نێوه‌ڕاست ته‌وێڵم،
له‌و شوێنه‌ی هه‌زاران وشه، تێیدا له سه‌ره‌مه‌رگدان
تیرێکی خه‌لاسم ده‌وێ
برایان!
"شیعره‌که هی محه‌مه‌دلماغووته"
سه‌دیقی ڕه‌سووڵی له "خۆر"ه‌کان دا له گه‌ڵمان بوو. زه‌ینێکی ده‌ست لێنه‌دراو و نوێی داستانی و پڕ له که‌سایه‌تی جۆراوجۆر. له مێژ بوو لێی بێخه‌به‌ر بووم به‌ڵام ده‌مزانی بارودۆخی ناجۆری ژیان ئازاری ده‌دا. چیرۆکه‌کانی سه‌دیق، لێواولێوی ئاڵۆزین به لای منه‌وه به‌ڵام شتێکی نامۆیان تێدایه که ڕات ده‌کێشن له گه‌ڵ خۆیان. سڕت ده‌که‌ن و له چوارچێوه‌ی فۆڕمی چیرۆک وه‌ده‌رت ده‌خه‌ن و دنیایه‌کی ماخولیا و شپرزه‌ی زه‌ینی ئینسانی ئه‌مڕۆت ده‌خه‌نه به‌ر چاو. دوای ساڵه‌ها چاوم به‌و چیرۆکه‌ی که‌وت له ڕامانی ژماره‌۱۴۸ دا و له شه‌رمه‌زاری هه‌موو بێخه‌به‌ریه‌کانم، یادی به‌و چیرۆکه‌وه ده‌ژیێنمه‌وه!
دۆستێک فه‌رمووبووی ئه‌و بابه‌تانه به کاری چ دێن. ڕاستتان بوێ من له دڵته‌نگییکی ئێواره‌یه‌کدا به سه‌ر باسه‌که‌دا که‌وتم. کارم به‌وه نه‌بوو به‌کاری چ دێ! که یه‌که‌م به‌شیشم نووسی له خۆم نه‌پرسی بۆ ده‌ینووسم. قاوه‌خانه‌کانی بۆکان و قسه و باسه‌کانی نێویان و که‌سایه‌تیه‌کانیشیان، به‌شێکن له مێژووی شار و باب و باپیران و ئێمه‌ش و ئێوه‌ش.
ده‌گێڕنه‌وه که سه‌ی عه‌لی ئه‌سکه‌ر له‌و دیو ده‌بێ و بێ پاره و برسی. ده‌چێته قاوه‌خانه‌یه‌ک و ده‌ڵێ:"کاکه برسیمه." کابراش ده‌ڵێ: "ده‌ی دانیشه چی ده‌خۆی با بۆت بێنم." ده‌ڵێ:" کاکه پاره‌م نییه!" کابرا ده‌ڵێ :" ئه‌ی بێ پاره چۆن ده‌بێ؟" ده‌ڵێ : "کاکه بایی نانه‌که‌ت، گۆرانیت بۆ ده‌لێم!" کابرا به ناڕاحه‌تییه‌وه ده‌ڵێ:" کاکه رۆژی سه‌د لۆتی سه‌ردانم ده‌کا، ئاوا سه‌گ و شوانم دێته‌وه." سه‌ید عه‌لی عه‌سکه‌ر به‌ندێکی تێهه‌ڵده‌کا؛ به‌ندی به‌ندان! که تێده‌چریکێنێ کابرا له حه‌یبه‌تا که خۆ ده‌بێته‌وه. خێرا به ڕێزه‌وه دایده‌نیشێنێ و به په‌له ده‌ڵێ:" چ ده‌خۆی؟ چت ده‌وێ؟" ئه‌ویش یه‌ک دوو به‌ندی که ده‌ڵێ. ته‌واوی گه‌ڕه‌ک، دووکان داده‌خه‌ن و دێن بۆ قاوه‌خانه‌ی کابرا. مشته‌ری به سه‌ر کابرا دا ده‌بارێ. کاتێ پاش نانی نیوه‌ڕۆ هه‌ڵده‌ستێ بۆ ماڵئاوایی،کابرا زۆری به قوربان و سه‌ده‌قه ده‌بێ که نه‌ڕوا و له‌وێ بمێنیته‌وه. سه‌ی عه‌لی ئه‌سکه‌ر ده‌لێ:" ئیدی ئه‌وه سه‌ودا بوو، ده‌نا من پیاوی قاوه‌خانه نیم!!"
رێزدار کاک حه‌مه‌ده‌مینی شامحه‌مه‌دی (شا) ئه‌و بابه‌ته‌ی ژێره‌وه‌ی بۆ ناردووم و من ته‌نیا نه‌قڵێکی عه‌لی مینه یاقووبم خستۆته به‌ینی .
به خوێندنه‌وه‌ی قاوه‌خانه‌کانی نێو خه‌ونباز، هه‌وه‌ڵ جار وه‌بیر ئه‌و شه‌وانه که‌وتمه‌وه که ده‌بوو نیوه‌شه‌وان له‌و ساعه‌ت سێ و چواری به‌ربه‌یاندا کاتێ که عاله‌م له شیرین خه‌ودا بوون، هه‌ستین و به ترس وله‌رزه‌وه خۆمان بکه‌ین به قاوه‌خانه‌که‌ی "کاک محه‌مه‌د" دا؛ که ڕاست له سه‌ر حه‌وزی مزگه‌وتی جامیعه‌دا درووست کرابوو.
ره‌ئووفی محه‌مه‌دیان دوو نه‌قڵی قاوه‌خانه‌ی بۆ گێڕامه‌وه که بینووسم و له خه‌ونبازدا داینێم با قسه‌ی خۆش ون نه‌بێ!
ده‌یگێڕاوه له میراوای بۆکان سه‌ردانی قاوه‌خانه‌ی حه‌سه‌نی چاپه‌ز یان حه‌سه‌ن ئاخته‌ته‌ریم(نیلی فه‌ر) ده‌کرد. قاوه‌خانه‌یه‌کی به‌شی خۆی گه‌وره به تاکه سه‌ماوه‌رێکه‌وه. له‌سه‌ر کۆڵانی ماڵی حه‌سه‌ن باینجان بووه. کورسیه‌کانی له‌و ئاسنی سێ ئێفانه بووه که کابرای قاوه‌چی بۆ خۆی جۆشی کردووه.
بیره‌وه‌ریه‌کی قاوه‌خانه‌یی ڕێزدار کاک که‌ریمی ڕه‌حیمی(میره‌ک):
"شاری بۆکان چه‌ن تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بوو که رێبوارانیش ، به‌و بۆوبه‌رامه‌وه، به تاقانه‌یان ده‌زانی ( باخی قازی ، حه‌و‌زه‌گه‌وره ، خوڕێنک ، قه‌لای سه‌ردار، ناڵشکێنه وقاوه‌خانه‌که‌ی ئازه‌ری ) ، به داخه‌وه ئه‌مڕۆ ناڵشکێنه به ته‌نیا ماوه‌ته‌وه و ئه‌وانی تر تارمایی مه‌رگیان به سه‌ر داهاتووه .
سه‌رده‌می سوڵتان مه‌حموود ده‌یان کوشتن که بۆچی شیعه‌ن،
سه‌رده‌می شاسوله‌یمان ده‌یان کوشتن که بۆچی سوننه‌ن،
سه‌رده‌می ناسره‌دین شا ده‌یان کوشتن که بۆ بابی یه‌ن،
سه‌رده‌می محه‌مه‌دعه‌لی شا ده‌یان کوشتن که بۆ مه‌شرووته‌چین،
سه‌رده‌می ره‌زاشا ده‌یان کوشتن که بۆ دژ به مه‌شرووته‌ن و
سه‌رده‌می جاشکه‌که‌شی ده‌یان کوشتن که بۆ لاده‌ر و دژ به حکوومه‌تن،
ئه‌مڕۆ له دمیان ده‌ده‌ن که دووڕوون و ناڕاست و سبحه‌ینێ سووکیان ده‌که‌ن و به پێچه‌وانه سواری که‌ریان ده‌که‌ن که بۆچی لادینن.
بیتوو ناو و تاوانه‌کان له چاو نه‌گرین، دونیا جیاوازییه‌کی وای نییه:
له ئاڵمان ده‌یانکوشت که بۆ جوون،
ئێستا له ئیسرائیل ده‌کووژن که بۆ فه‌له‌ستینین،
عه‌ڕه‌به‌کان ده‌کووژن که بۆ سیخوڕی ئیسرائیلین،
سه‌هیۆنیسته‌کان ده‌کووژن که بۆ فاشیستن،
فاشیسته‌کان ده‌کووژن که بۆ کۆمۆنیستن،
کۆمۆنیسته‌کان ده‌کووژن که بۆ ئانارشیستن،
رووسه‌کان ده‌کووژن که سه‌گبابینه بۆ لایه‌نگری چینن،
چینییه‌کان ده‌کووژن که بۆ ئه‌و بیژوووانه بوونه‌ته رووس،
ده‌کووژن و ده‌کووژن و ده‌کووژن...
سه‌للاخانه‌یه ئه‌م دنیایه!
شاملوو
باسی قاوه‌خانه‌که‌ی من! نامه‌یه‌کی جوانی کامیلی نه‌جاری به شوێنه‌وه بوو که سه‌باره‌ت به دووقاوه‌خانه، ئاگاداری نوێی به من دا. بێتوو ئێوه‌ش توانیتان سه‌باره‌ت به قاوه‌خانه‌کانی شاره‌که‌تان بۆم بنووسن با قاوه‌خانه یی بن!
من له بۆكان تاكه قاوه‌خانه‌یه‌ك كه له مناڵییه‌وه حه‌زم لێ بوو بچم قاوه‌خانه‌ی دامه‌بازه‌كان بوو. كه گه‌وره بووم چه‌ند جارێك چووم و تاقه جارێك دامه‌م كرد و زۆر پیس دۆڕام. دامه بازی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی لێ بوو. من خۆم دامه‌م چاك ده‌كرد و كه‌م كه‌س له ده‌ورو به‌رییه‌كانم لێیان ده‌بردمه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وێ ده‌كرا شتێكی دیكه بوو.
له‌و باشووری وڵاته‌ش دوو چاخانه‌ی به‌ناوبانگ هه‌یه كه دڵنیام ناوه‌كه‌یانت بیستووه.چاخانه‌ی مه‌چكۆ له هه‌ولێر و چاخانه‌ی شه‌عب (گه‌ل) له سلێمانی.
ئه‌و ڕۆ بیرم له‌وه ده‌کرده‌وه که قاوه‌خانه جێگایه‌که که مرۆ ده‌توانێ تێیدا بمرێ. شوێنێکه که هه‌ناسه‌ت ده‌توانێ له خۆیدا بخنکێ. قاوه‌خانه شوێنی نامۆیی و ته‌ر‌یکییه. شوینی به شوێن خۆتدا گه‌ڕان؛ وێڵی ئاره‌زووه ناموراده‌کان بوون. سووچی ته‌نیایی قاوه‌خانه بۆ هێندێک جێگای چایی و جگه‌ره و ورده‌ورده مردنه، بۆ تاقمێک ئاوات کردنه دووکه‌ڵ، بۆ به‌عزێک دوورکه‌وتنه‌وه له جه‌ماوه‌ر تا تاریک بوونی وڵات، بۆ کۆمه‌ڵێکیش وه‌خت به سه‌ر بردن له پای دامه ودۆمینه و وه‌ره‌ق. زۆر چیرۆک و شیعری باش له باوه‌ش قاوه‌خانه‌وه هه‌ڵفڕیوه‌ته زه‌ین و سه‌ر پێنووسی نووسه‌ر و شاعیر. خربوونه‌وه‌ی ده‌سته و دایره‌ی ئه‌ده‌بی وسیاسی و... له قاوه‌خانه کان شتێکی کۆن و به‌رچاوه.
گه‌وره‌ترین به‌دبه‌ختییه، به ته‌نیا نه‌بوون!
بروویی یر
مه‌رگ و نه‌مان بۆ لاپه‌ڕه‌ی سپی!
- ده‌ته‌وێ بنووسی. به خۆت ده‌ڵێی ئه‌مشه‌و ده‌ینووسم. دوای ماوه‌یه‌ک گێژه‌گێژ، لار ده‌بیه‌وه به‌ره‌و پێنووس و کاغه‌ز. برێک ده‌ست به نێو چاوانت دا دێنی. سه‌رت داده‌خه‌ی و چاو ده‌بریه کاغه‌زه‌کان. چاوێک له ده‌ورووبه‌رت ده‌که‌ی. ده‌ته‌وێ بینووسی به‌ڵام نانووسرێ. هه‌ڵده‌ستییه‌وه سه‌رپێ و چاو له کتێبه‌کانت ده‌که‌ی. تا به‌ر ده‌م درگای دیوه‌که‌ش ده‌ڕۆی و ده‌گه‌ڕێیه‌وه؛ ده‌بی بینووسم. پێنووسه‌که سه‌راوبن ده‌که‌ی و له میزه‌که‌ی به رده‌ستتی ده‌ده‌ی. ته‌ق ته‌ق... سه‌رت ده‌خورێنی. نایه‌ت که بنووسرێ. قامکه‌کانت یه‌ک به‌یه‌ک ده‌گه‌زی و ئه‌و شتانه‌ی دیوته و به ته‌مابوون بیان نووسی وه‌بیر خۆت دێنیه‌وه. ئێستا نا ئێستایه که بنووسم؛ نانووسرێ.
- له ده‌رێیی: میوانییه‌کی خۆمانه، نێو باخێک، سه‌ره‌خۆشییه‌ک، گه‌ڕانێکی دووره‌شار، دانیشتنێکی دۆستانه، شه‌ڕه چه‌قه‌یه‌ک، پارکی کایه‌ی منداڵان، ته‌سادفی ماشێنێک، له هه‌ر جێگایه‌کی هه‌ر له بیری دای. چۆنی ده‌ست پێ بکه‌م؟ له کوێ دا ڕایگرم؟ نێوی بنێم چی؟ قه‌ڵافه‌تی ئه‌و کابرایه‌ی نێو سه‌ره‌خۆشییه‌که، ئه‌و باسه‌ی نێو باخه‌که به کاری فڵان جێگای چیرۆکه‌که دێن. ده‌یان هاڕی له مێشکت‌دا. به خۆت ده‌ڵێ که بگه‌مه‌وه ده‌یان نووسم. داده‌نیشی و هه‌میسان پێنووسه‌که‌ت سه‌راوبن ده‌که‌ی. وێنه‌یه‌ک له سه‌ر کاغه‌زه‌که ده‌کێشیه‌وه. خه‌ت خه‌تی ده‌که‌ی وێنه‌که. نانووسرێ.
ده‌نگی نوخته؛
نۆڤێلێتێکی تایبه‌ته. ئێمه غه‌درمان زۆر له نووسراوه‌کانی خۆمان کردووه. خوومان گرتووه به سووک چاولێکردن له شتی خۆمان. ده‌نگی نوخته شایانی ره‌خنه و باسی جۆراوجۆر بوو. بێ به‌زه‌ییانه بێده‌نگی به‌سه‌ردا هات. بۆ، نه‌مان کرد با بمێنێته‌وه لای ئه‌وانه‌ی ده‌یان توانی و .... به‌و مه‌شخه‌ڵه‌ی وا له روانه وه هه‌ڵایساوه، ورده‌ورده رۆژگارێ دێ که تاریکی له‌سه‌ر نووسراوه‌کانمان لادرێ و که‌م وزۆر له‌سه‌ریان بنوسرێ و بگوترێ. بۆ ده‌سپێکی ناساندنی ئه‌م نوڤێلێته بابه‌تی ژێره‌وه داده‌نێم.
ده‌نگی نوخته و شێوازی مینی مالیزم/ محه‌مه‌د ته‌ره‌غه
عه‌لی خه‌ندان مرد به‌ڵام پیر نه‌بوو.
بیستوومه که ده‌ڵێن سه‌رووده‌می شۆڕشی ئێران که پاسداره‌کان له کوردستان ده‌گه‌یشتنه هه‌ر کۆیه‌ک پایگایه‌کی نیزامی‌یان داده‌نا؛ به تایبه‌ت له سه‌ر ته‌پۆکه‌کان یان شوینی ته‌ختایی، عه‌لی خه‌ندانیان دیبوو توند هه‌ر تک ده‌ستی به دواوه‌ی خۆیه‌وه گرتبوو و ده‌ڕۆیی. دۆستێک لێی ده‌پرسێ :ئه‌وه بۆ هه‌رتک ده‌ستت توند به سمتته‌وه گرتوووه؟! ئه‌ویش ده‌ڵێ :وه‌ڵڵا زۆر خڕ و له‌بارن؛ هه‌ر ئه‌وه‌نده دیتت پاسداره‌کان دیتیان و پایه‌گایه‌کیان له سه‌ر دامه‌زراند.
بۆکانمان بێ عه‌لی خه‌ندان شتێکی که‌مه.
یادی به خێر.
خزمه‌تگوزاری/ حوسێن شێربه‌گی...
مرۆ تاکه‌ی ده‌توانێ وه‌ک خۆی بێ! / ناسر وه‌حیدی
هێڵ / که‌ریم ره‌حیمی
له کۆتایی کتێبه‌که‌دا، هێڵێکی سپی به جی مابوو. به دووی ئه‌و هێڵه سپییه‌دا که‌وته ڕێ و له شار چووه ده‌ر. له قه‌راخ شار، هێڵی ده‌ستی چه‌ند پاسه‌وانێشی تێپه‌راند و گه‌ێشته جه‌نگه‌ڵێکی چڕ‌و پڕ. به دارێکدا سه‌ر که‌وت؛ له ئاخرین لقی داره‌که‌وه به هێڵی ته‌نافێکدا شۆڕبۆوه. بڕێک خوارتر، ته‌نافه‌که له ملی پیاوێکدا پاپۆکه‌ی خواردبوو. له ژێر داره‌که‌ش جووتێ پێڵاوی و کتێبه‌که‌ی پیوه‌دا.
" تیبانووس" کێیه؟[1]
فه‌رهه‌نگی وێبستێر: تیبانووس که‌سێکه که به‌هۆی وه‌رگرتنی پاره‌وه کتێب یان وتار ده‌نووسێ یان له به‌رامبه‌ر پاره‌دا، ئیزن ده‌دا کتێب یان وتاره‌که‌ی به نێوی یه‌کی دیکه‌وه بڵاو بێته‌وه.
له دونیای تیبانووسیدا ئه‌وه‌ی نووسه‌ر نێێه، نێوی به نووسه‌ری سه‌ره‌کی ده‌بردرێ و ئه‌وه‌ی نووسه‌ری سه‌ره‌کیشه، تیبانووسه. هه‌ر ده‌قیکی ئاوه‌ها، دوو که‌سی تیدایه: نووسه‌ر و تیبانووسێک.
تیبانووس که‌سێکه که له هه‌وێڵ دایه به‌ڵام ناتوانێ بڵێ هه‌م. نێوی نییه و وه‌ک تارماییه‌ک چاو له نووسراوه‌کانی ده‌کات. مه‌رج ده‌کرێ جا یان له سه‌ر کاغه‌ز یان به شاهیدی شاهیدان، که نێوی خۆی تا هه‌میشه، نه‌درکێنێ. له سووچێکی ده‌ق دا ده‌ژی و ڕه‌نگه هه‌ر له‌وێ بمرێ. به‌لام جاری وایه ڕه‌خنه‌گرێک که‌ش و مه‌رج و به‌ڵێن دشێوێنێ و تیبانووس ئاشکرا ده‌کات. "لووئیس لافام"ی ئه‌مریکی، ڕه‌خنه‌ی له سه‌ر بیره‌وه‌ریه‌کانی"ڕۆناڵد ره‌یگان" گرت و کوتی که بۆ خۆی نه‌ینووسیوه و ته‌نانه‌ت نه‌شیخوێندۆته‌وه. ڕه‌خنه‌یه‌کی ته‌واوعه‌یار که که‌س ته‌نانه‌ت وه‌کیله‌کانی ڕه‌یگانیش به باشیان زانی له حاستی بێده‌نگ بن. ده‌گێڕنه‌وه له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا له ڕه‌یگانیان پرسیبوو: